Get Mystery Box with random crypto!

بادە ساقی گوزەرا شەو بە فیداتم وەرە دێرە دڵ تەنگە، درەنگە ، | پـەریـسـاഽ

بادە

ساقی گوزەرا شەو بە فیداتم وەرە دێرە
دڵ تەنگە، درەنگە ،وەرە سا بادە بگێرە

تا تۆ بی و مەی بێ من و دڵ لێرە خەمۆشین
هەردوو بە تەماتین، وەرە مەی لێرە بنۆشین

تینوویە دەمێکە چەمەنی باخی ئەوینم
ئەم باخە بدێرە وەرە مەی بێنە سەرینم

ویستوومە كە تەنیا بم و لەم سوچە بمێنم
دیسانەوە ئەم باری خەمە كەوتووە شوێنم

دەستی خەمەكەم بگرە لە مەیخانە بەدەر كە 
ڕێگای مەدە ئێرە وەرە لەو مەستە حەزەر كە

نا نا لێی گەڕێ تاکو بمێنێتەوە گیانە
ئەم كۆترە وەیلانە دڵی گرتووە لانە

بۆمەی نیە، ساقی، كە پەنا دێنمە ئێرە 
هەر كەس بە شەرابێ خەمی جانانەیێ تێرە

من هەمدەمی بادەم، كە خەمی سینە بە با دەم
دەستم گرە گیانە وەرە بسپێرە بە بادەم

ساقی گوزەرا شەو بە فیداتم وەرە دێرە
دڵ تەنگە درەنگە وەرە سا بادە بگێڕە

ملوانکەی شین، مامۆستا شەریف

ئایدا
خۆڵەمێش